وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وەرگرتنی کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە سەرجەم زانکۆ حکوومییەکاندا بکرێتە 5 قیست.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە گشتاندنێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و لەبەرچاوگرتنی دۆخی داراییی خانەوادەی قوتابیان و خوێندکاران، کرێی خوێندن بە 5 قیست وەردەگیرێت.

 

بەپێی بڕیارەکە، ئەم ئاسانکارییە ئەو خوێندکارانە دەگرێتەوە کە لە قۆناغ و بەشە جیاوازەکانی زانکۆ حکوومییەکاندا بە شێوازی پارالێل و ئێواران دەخوێنن.

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕوونی کردەوە کە ئەم بڕیارە دوای لێخۆشبوون و داشکاندنی 45%ی کرێی خوێندن دێت، بە جۆرێک بڕەپارەی ماوە بەسەر 5 قۆناغی وەرگرتندا دابەش دەکرێت تا هاوکاریی دارایی کەسوکاری خوێندکاران بکرێت.

 

ئەم بڕیارە ئاسانکارییەکی بەرچاوە بۆ هەزاران قوتابی کە ساڵانە بەهۆی بارگرانیی دارایییەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی دانەوەی کرێی خوێندن دەبوونەوە.