دادگایەکی تایبەتمەند بە دۆسیەکانی گەندەڵی لە ماوەی ڕابردوودا، کاتی دادگاییکردنی سەرکردەیەکی دیاری سیاسی و ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقی لەسەر پەڕاوی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی دیاری کرد.

 

ئەمڕۆ میدیا عێراقییەکان بەڵگەنامەیەکی فەرمییان بڵاوکردەوە، کە تێیدا دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی لە بەغدا، ڕێکەوتی 19ی تشرینی یەکەمی 2026 (ئەمڕۆ)ی وەک وادەی دادگاییکردنی موسەننا سامەڕایی، پەرلەمانتار و سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم دیاری کردووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی بەڵگەنامەکە، پرۆسەی دادگاییکردنەکە بەگوێرەی ماددەی 319 لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو بەڕێوە دەچێت، هاوکات ماددەکانی 47 و 48 و 49ی تایبەت بە بەشداریکردن لە ئەنجامدانی تاواندا تۆمەتبار دەگرێتەوە.

 

بەگوێرەی ئەو نووسراوەی دادگا کە ئاراستەی دەستەی دەستپاکی و بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی کراوە، فەرمان دراوە بە ئامادەکردنی تۆمەتبار لەگەڵ شایەتحاڵەکان لە ڕۆژی دیاریکراودا، لە دیارترین شایەتحاڵەکانیش؛ عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان، نوێنەری یاساییی وەزارەتی نەوت و چوار کەسی ترن بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی گرێبەستەکان و سوودمەندبوونی نایاسایی.

 

دۆسیەکە پەیوەندی بە سوودوەرگرتن لە پڕۆژە و گرێبەستە حکوومییەکان و وەرگرتنی بەرتیلەوە هەیە لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرکە گشتییەکاندا؛ تۆمەتبار پێشتر لەسەر بنەمای زانیاری و دانپێدانانەکانی پەیوەست بە گەندەڵییەکانی کەرتی نەوت و خەرجکردنی پارەی گشتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستبەسەر کرابوو.

 

موسەننا عەبدولسەمەد محەممەد حوسێن سامەڕایی، سیاسەتمەدارێکی عێراقییە و لە شاری سامەڕای سەر بە پارێزگای سەلاحەدین لەدایک بووە، پێش دەستپێکردنی کاری سیاسی، لە کەرتی تایبەت و بواری چاپ و بانکاریدا کاری کردووە.

 

ناوبراو لە ساڵی 2014 بۆ یەکەم جار خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کاندید کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، دواتر بووە ڕاوێژکاری سەلیم جبووری، سەرۆکی ئەوکاتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2021دا وەک نوێنەرێکی پارێزگای سەلاحەدین دەرچوو. سامەڕایی دواتر سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی عەزمی گرتە ئەستۆ و بووە یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییە دیارەکانی ناو پێکهاتەی سوننە لە عێراقدا.

 

لە ماوەی ڕابردوودا، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هەڵمەتێکی فراوانی بۆ بەدواداچوونی گەندەڵیی بەرپرسە باڵاکان و پەرلەمانتاران دەست پێ کردووە، ئەم ڕێکارانەش بە ئامانجی گێڕانەوەی سامانی گشتی و سزادانی سەرپێچیکاران لە جومگەکانی دەوڵەتدا جێبەجێ دەکرێن.

 

لە 28ی ئەیلوولی ئەمساڵ، بە فەرمانی عەلی زەدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەستی پێ کرد و لە ئەنجامدا چەندین کەسایەتیی سیاسی و بازرگان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق دەستگیر کران.