ناکۆکییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لەسەر دۆسیەی ململانێی مۆسکۆ و کیێڤ گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار؛ سەرۆکی ئەو وڵاتە سەرۆکی ئۆکراینای تۆمەتبار کرد بە ڕێگریکردن لە کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس (AFP) بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ هێرشی توندی کردووەتە سەر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا و ڕایگەیاندووە ناوبراو نایەوێت کۆتایی بە شەڕی لەگەڵ ڕووسیا بهێنێت.
لە پۆستەکەی ترووس سۆشیاڵدا، ترەمپ ڕوونی کردووەتەوە بڕیارەکەی سەبارەت بە مۆسکۆ زۆر ڕوونە و لە نێوەندی دانوستاندایە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و ناشیەوێت هیچ هەنگاوێکی نادروست ڕووسیا لە مێزی گفتوگۆ دوور بخاتەوە.
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکاش، هاوکاتن لەگەڵ هەڵپەساردنی کاتیی سزاکانی سەر دیزڵی ڕووسی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە، بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە 3ی مانگی نۆڤەمبەردا.
ترەمپ ئاشکرای کرد، ئۆکراینا بە ئەنقەست پاڵاوگەکانی ڕووسیا دەکاتە ئامانج بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت و زیانگەیاندن بە پارتی کۆماری، لە کاتێکدا کیێڤ و هاوپەیمانەکانی نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر ئەم هەنگاوەی واشنتن دەربڕیوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆکانی تایبەت بە بارمتەکان کرد و جەختی کردەوە مۆسکۆ هاوکارییەکی زۆر کەمی ئێرانی کردووە، هەوڵیش دەدات دۆخەکە بەو جۆرە بمێنێتەوە. ترەمپ ڕەخنەی لە هاوکارییە داراییەکانی ئەوروپا و ئیدارەی پێشووی ئەمریکا بۆ کیێڤ گرت و دووپاتی کردەوە سەرۆکی ئۆکراینا بایەخ بە ڕاگرتنی شەڕ نادات.
پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و کیێڤ، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی جیاوازیی دیدگاکان لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی جەنگ و هاوسەنگیی بازاڕی وزەوە تووشی هەڵبەز و دابەزێکی زۆر بوون. ئەم گرژییانە لە کاتێکدان ململانێ ناوخۆییەکانی ئەمریکا لەسەر پرسی تێچووی هاوکارییە سەربازییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن.