هەڵکشانی تێچووی بژێوی، کرێی خانوو و نرخی سووتەمەنی لە ئەمریکا، پرسی ئابووریی کردووەتە پێوەری یەکەمی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێسدا.
ئەمڕۆ ناوەندی توێژینەوەی پیو له نوێترین ڕاپرسی خۆیدا بڵاویكردهوه، 84%ی دەنگدەرە تۆمارکراوەکان ئابووری بە گرنگترین پێوەر بۆ دەنگدان دەزانن. بەپێی ئاماری فەرمیی دەزگای کاری ئەمریکاش، لە ئەیلوولی ئەمساڵدا نرخی گشتیی کاڵاکان 3.7% و نرخی بەنزین بە ڕێژەی 34% بەرز بووەتەوە.
هاووڵاتییانی ئەمریکی لە چاوپێکەوتنەکاندا لهگهڵ میدیاكانی وڵاتهكهیاندا ئاشکرای دەکەن کە توانای دارایییان بەرامبەر کرێی شوقە و خواردنی هەفتانە دابەزیوە و تێچووەکانیان چەند هێندە زیادی کردووە.
شارەزایان دووپاتی دەکەنەوە کە بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی فیدراڵییەوە نەبووەتە هۆی ڕاگرتنی هەڵاوسان، ئەمەش گوشاری سەر دەنگدەرانی لە بەردەم سندووقەکانی دەنگداندا زیاتر کردووە.
ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە مێژووی سیاسیی ئەمریکا سەلماندوویەتی گۆڕانکارییە ئابوورییە ناوخۆیییەکان هەمیشە دەستنیشانکەری سەرەکی باڵادەستی پارتەکان بوون لە کۆنگرێسدا.