ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی یەکێک لە گەورەترین پێشانگاکانی کتێب لە هەرێمی کوردستان دەکرێت؛ تێیدا زیاتر لە ملیۆنێک ناونیشانی هەمەجۆر نمایش دەکرێن و داشکاندنی بەرچاویش بۆ بەرهەمەکان پێشکەش دەکرێت.

 

ئەمڕۆ دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و هونەر ڕایگەیاند، خولی هەژدەهەمی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، لەژێر دروشمی "من کوردستانیم" لە ڕێکەوتی 21ی ئەم مانگە (ئۆکتۆبەر) دەست پێدەکات و تا 31ی مانگ بەردەوام دەبێت.

 

بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکان، گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان هۆکاری دواکەوتنی پێشانگاکە بوون لە وادەی ئاسایی خۆی. بڕیاریشە ڕۆژانە لە کاتژمێر 10ی بەیانی تا 8ی شەو دەرگای پێشانگاکە بە ڕووی سەردانیکەراندا کراوە بێت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی کارگێڕیی پێشانگاکە، لەم خولەدا زیاتر لە 400 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 18 وڵاتی جیهانەوە بەشداری دەکەن، بەرهەمەکانیشیان بە زمانەکانی کوردی (بە هەموو شێوەزارەکانییەوە)، عەرەبی، ئینگلیزی، فەرەنسی، فارسی و تورکی پێشکەش دەکرێن.

 

هەروەها، بڕیارە زیاتر لە 90 چالاکیی ڕۆشنبیری و هەمەجۆر ساز بکرێن؛ لەوانەش کۆڕی هزری، دیداری نووسەران، پێشانگای فۆتۆگرافی و چالاکیی مۆسیقی، هاوکات داشکاندنی 50٪ بۆ زۆربەی بەرهەمەکان دەکرێت، تا دەرفەت بۆ خوێنەران بڕەخسێت بە نرخێکی گونجاو کتێب بەدەست بهێنن.

 

پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب یەکێک لە دیارترین پانتاییە کولتوورییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا دادەنرێت. ئەم پێشانگایە، ساڵانە هەزاران خوێنەر، نووسەر و ڕۆشنبیر بە مەبەستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی هزری لە پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆ دەکاتەوە.