مینحەی مانگانەی شەهیدانی سەنگەر و جینۆساید لە هەرێمی کوردستان بۆ 1,200,000 دینار و شەهیدانی هاووڵاتی بۆ 600,000 دینار زیاد دەکرێت، دۆسیەی زیندانییانی سیاسیش دەگوازرێتەوە سەر بەغدا.
ئەمڕۆ عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا ڕایگەیاند، دوای سەردانێکی دوو هەفتەیی بۆ بەغدا و ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە، لێکتێگەیشتن لەگەڵ دەزگای شەهیدانی عێراق کراوە بۆ هاوتاکردنی مینحەی شەهیدان.
بەپێی پلانەکە، بودجەی پێویست بە 81 ملیار دینار خەمڵێندراوە و لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا لەسەر پشکی سیادی جێگیر دەکرێت، بەبێ ئەوەی پێویست بە گواستنەوەی دۆسیەی شەهیدان بۆ بەغدا بکات.
وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان ئاماژەی بەوەش کرد، زیادکردنەکە نزیکەی 69,500 دۆسیەی شەهیدان دەگرێتەوە و پارەکە لە بەغداوە دابین دەکرێت، هاوکات دۆسیەی 26,000 زیندانیی سیاسی بە تەواوی دەگوازرێتەوە سەر دەزگای زیندانییانی سیاسیی عێراق و مووچەکەیان دەبێتە 1,200,000 دینار.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لهبارهی كاره سیاسی و حیزبییهكانیهوه ئاشكرای كرد، كه پارتێکی نوێی بە ناوی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانی عێراق دامەزراندووە و کێشەکانی لەگەڵ محەممەد حاجی مەحموودی برای لە ڕێگەی دادگاوە یەکلا دەکاتەوە.
ئەم ڕێککەوتنە دارایییە دوای ساڵانێک لە جیاوازیی نێوان مووچەی کەسوکاری شەهیدانی هەرێمی کوردستان و عێراق دێت، کە بە جێبەجێکردنی، بەشێکی گەورە لە کێشەی داراییی وارسی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی چارەسەر دەبێت.