عێراق ئاراستەیەکی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ناوخۆی وڵاتدا دەست پێدەکات و کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تەکنیکیی هێزە ئەمنییەکانی دەکات.

 

ئەمڕۆ سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا پسپۆڕەکان کار لەسەر دروستکردنی درۆن لە ناوخۆدا دەکرێت.

 

هاوکات فەرماندەی گشتی بەڵێنی دابینکردنی فڕۆکەی بۆ دەزگای دژەتیرۆر داوە و دووپاتیشی کردەوە کە چەکدارانی داعش هیچ مەترسییەکیان بۆ سەر ئاسایشی وڵات نەماوە.

 

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە جەنگە نوێیەکان پشت بە تەکنەلۆجیای هاوچەرخ دەبەستن، بۆیە بەهێزکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی عێراق لە پێشینەی کارەکاندایە.

 

سەبارەت بە تەقینەوەکەی بارەگای حەشدی شەعبیش باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ لێکۆڵینەوەکان لە قۆناغی کۆتاییدان و دەرکەوتووە کە هیچ هێرشێکی دەرەکی لە ئارادا نەبووە، هەروەها سنوورەکانی وڵات لەگەڵ سووریا بە ڕێژەی 100% پارێزراون.

 

ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە لە کاتێکدان کە عێراق هەوڵەکانی بۆ گۆڕینی شێوازی بەرگریی تەقلیدی و پڕچەککردنی سوپاکەی بە سیستمی پێشکەوتووی سەردەم چڕتر کردووەتەوە.