باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداریی ئەمنیی بەپەلە دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی، داوایان لێ دەکات وریای دۆخەکە بن و پلانی یەدەگ بۆ ئەگەری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان دابنێن.
ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و هێرشی حووسییەکان بۆ سەر خاکی سعودیە و دامەزراوە مەدەنییەکان، مەترسی لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان دروست بووە.
بەپێی ئاگادارییە ئەمنییەکە، ئەو هێرشانە زیانی گیانی و مادییان لێ کەوتووەتەوە و هاتوچۆی ئاسمانییان لە چەند ناوچەیەکدا شێواندووە.
هاوکات باڵیۆزخانەکە پێشبینی دەکات ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی، هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سەرانسەری جیهاندا.
دووپاتی کردەوە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پاراستنی هاووڵاتییانیان بەردەوام دەبن.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە ئاستێکی هەستیار، مەترسیی پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوە ڕاستەوخۆکانیش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.