شوێنەوارناسان و دەسەڵاتدارانی خۆجێیی لە ناوەڕاستی عێراق، دۆزینەوەی پێگەیەکی مێژوویی نوێیان ڕاگەیاند کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 1200 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

 

ئەمڕۆ ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای بابل ڕایگەیاند، لە قەزای قاسم لە بەشی باشووری پارێزگاکە شوێنەوارێکی گرنگ دۆزراوەتەوە کە بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەکان مێژووەکەی دەگەڕێننەوە بۆ سەدەی نۆیەمی سەردەمی عەباسییەکان.

 

پارێزگاری بابل لە بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیدا بۆ پێگەکە، لەگەڵ پسپۆڕان تاوتوێی پاراستنی بەڵگەنامە مێژووییەکان و چۆنیەتیی پەرەپێدانی شوێنەکەی کرد لە چوارچێوەی یاسا شوێنەوارییەکاندا بۆ ئەوەی بخرێتە خزمەت کەرتی گەشتیارییەوە.

 

 بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دۆزینەوەی ئەم پێگە نوێیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی شارستانیی ناوچەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەروەها هەنگاوێکە بۆ بەگەڕخستنی پرۆژەی نوێی شوێنەواری تاوەکو لە داهاتوودا ببێتە ناوەندێکی سەرنجڕاکێش بۆ گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

 

وڵاتی عێراق، خاوەنی هەزاران شوێنەواری دەوڵەمەندی سەردەمە جیاوازەکانی مێژووە، حکومەتی عێراقیش لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ئەم شوێنەوارانە و بەگەڕخستنیان لە کەرتی گەشتیاریدا چڕتر کردووەتەوە.