بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە سنووری ئیدارەیەکی هەرێمی کوردستان، بڕیاری قەدەغەکردنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلی لە چەند شەقام و شوێنێکی سەرەکیی ناوبازاڕ دەرکرد.


 
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتی و بەرگرتن بە دروستبوونی قەرەباڵغی لە ناوبازاڕدا، شۆفێران ئاگادار دەکرێنەوە نابێت بە هیچ شێوەیەک لە چەند شوێنێکی دیاریکراودا ئۆتۆمبێلەکانیان ڕابگرن.


 
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی ڕاپەڕین، شوێنەکان بریتین لە:

 

بەردەم نەخۆشخانەی ڕاوێژکاریی سەید عەلی.

شەقامی سەرا (دووسایدی ناوبازاڕ).

شەقامی عەلوەی کۆن بەرەو بازاڕی دۆلارەکە.
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونیشی کردەوە، مەفرەزەکانی هاتووچۆ بەردەوام لە گەڕاندان و چاودێریی شەقامەکان دەکەن، هەر شۆفێرێک سەرپێچیی ڕێنماییەکان بکات، دەستبەجێ سزای دارایی و پسووڵەی سەرپێچیی بەسەردا دەسەپێنرێت، بۆیە داوا دەکرێت هاووڵاتییان لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا بەتەواوی پابەندی هێماکانی هاتووچۆ بن.


 
لە ماوەی ڕابردوودا، بەهۆی تەسکبوونەوەی شەقامەکان و زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل، بەشێک لە ناوەندە بازرگانییەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی جەنجاڵییەکی زۆر بوونەتەوە، ئەمەش وای کردووە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێکاری توند بگرنە بەر.