شەپۆلێکی بارستە هەوای فێنک و باراناوی ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما و دەستپێکردنەوەی تاوەباران و هەورەبرووسکە لە ناوچە جیاوازەکاندا. ئەم گۆڕانکارییە لە سبەی دووشەممەوە دەست پێدەکات و لە ناوەڕاستی هەفتەدا بە هاتنی شێی خولگەیی و ناسەقامگیریی کەشوهەوا فراوانتر دەبێت.

 

ئه‌مڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە سبەی دووشەممە 19-10-2026 بارستە هەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە سەر ناوچەکەمان. بەهۆی ئەم بارستە هەوایەوە پلەکانی گەرما بە نزیکەی 3 تا 4 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.

 

کەشناسی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی لە هەولێر و زاخۆ 29 پلە، سلێمانی و دهۆک 28 پلە، هەڵەبجە 30 پلە و لە گەرمیان 32 پلەی سیلیزی دەبێت. هاوکات لە پیرمام 25 پلە و لە حاجی ئۆمەران نزمترین پلە تۆمار دەکرێت کە 17 پلەی سیلیزییە.

 

دەزگای کەشناسی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ یەکشەممە 18-10-2026 ڕوونی کردەوە، ئاسمانی ناوچە جیاوازەکان لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت و خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت.

 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئەگەری نمەباران تەنیا لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان لە هەندێک کاتی دوانیوەڕۆدا دەبێت.

 

لەلایەکی ترەوە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، هاتنی بارستە هەوا فێنکەکەی دەریای ناوەڕاست لە ڕۆژی دووشەممەدا کەشوهەوای ناوچەکە جێگیر دەکات و لە سەرجەم ناوچەکان 2 تا 4 پلە گەرما دادەبەزێنێت.

 

ئاراس جەبار باسی لەوەش کرد کە کاریگەریی ئەم فێنکبوونەوەیە بەردەوام دەبێت، تاوەکو لە نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 21-10-2026 حاڵەتێکی لاوازی ناسەقامگیریی کەشوهەوا لە دەریای سوورەوە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە.

 

ئەم شارەزایەی کەشناسی گوتیشی: "لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلەدا ناوبەناو هەورەبرووسکە چالاک دەبێت و تاوەبارانی کەم بۆ مامناوەند لە ناوچە جیاوازەکان دەبارێت."

 

بە گوتەی ناوبراو، کاریگەریی ئەم ناسەقامگیرییە زیاتر لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک، سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان دەبێت بەراورد بە ناوچەکانی تر.

 

ئاراس جەبار جەختی لەوەش کردەوە کە کاریگەریی ئەو ناسەقامگیرییەی کەشوهەوا تا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 22-10-2026 بەردەوام دەبێت و پاشان کۆتایی پێ دێت.

 

هاوکات هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، پسپۆڕی کەشناسی ئاشکرای کردووه‌، بارستە هەواکەی سبەی دووشەممە سەرچاوەکەی جەمسەرییە و لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپاوە لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە ڕووی لە ناوچەکە کردووە.

 

هەڤاڵ گەڵۆزی ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەم بارستە هەوایە جگە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وڵاتانی شام، میسر، باکووری سعودیە و تورکیاش دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزێنێت.

 

ئەم پسپۆڕەی کەشناسی هۆکاری لاوازیی بارانبارینی ڕۆژانی ڕابردووی بۆ جێگیربوونی بەرزەپەستانێک لە ناوچەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی گەڕاندەوە کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەرمیان، سلێمانی، هەڵەبجە و ڕاپەڕین دروست کردبوو.

 

هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی پێشبینی کرد لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاریگەریی ئەو بەرزەپەستانە پاشەکشە بکات و لە ڕۆژی سێشەممەوە لە ئەنجامی هاتنی شێی خولگەیی، ناسەقامگیری بۆ کەشوهەوای ناوچەکە بگەڕێتەوە.

 

ناوبراو لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە کە لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە کاریگەریی ئەو شێیە خولگەییە زیاتر دەبێت و دۆخی بارانبارین بەرەو باشتر دەڕوات، بەوپێیەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا خێرا و بەردەوامن.