تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی مین لە سنووری پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان توانییان نزیکەی 30 مین و تەقەمەنیی مەترسیدار لەناو ببەن.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک بڵاویکردەوە، تیمی لەناوبردنی مین و تەقەمەنی (EOD) لە کێڵگەی سن سەخەر سەر بە ناحیەی زاویتە، هەڵمەتێکی سەرکەوتوویان ئەنجام داوە و لە دوو تەقینەوەی کۆنترۆڵکراودا 22 مین و 8 پارچە تەقەمەنیی جۆراوجۆریان لەناو بردووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە پارێزگای دهۆک، جۆری مین و کەرەستە لەناوبراوەکان بریتی بوون لە 20 مینی V69، دوو مینی POMZ، چوار پارچە پاشماوەی جەنگی، یەک نارنجۆک و سێ گوللەهاوەنی عەیار 60 ملم.

 

تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە هەمان ناوچە بەردەوامن لە کارەکانیان و تاوەکو ئێستا لەو کێڵگەیەدا 137 مین و تەقەمەنیی جۆراوجۆر دۆزراونەتەوە و پووچەڵکراونەتەوە، بەمەش کارەکانی پاککردنەوەی زەوییەکە 99% تەواو بووە.

 

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین، داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر تەنێکی گوماناویدا هەوڵی نزیکبوونەوە و دەستکاریکردنی نەدەن، بەڵکو دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی بێبەرامبەری ژمارە 182ـەوە بکەن.

 

لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی جەنگە یەک لەدوای یەکەکانی چەند دەیەی ڕابردووی عێراق، ڕووبەرێکی زۆری خاکی ناوچەکە مینڕێژکراوە و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بەردەوامن لە هەوڵی پاککردنەوەی تەواوەتیی ئەو ناوچانە.