دامەزراوە فەرمییەکان لە عێراق لەگەڵ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی دەستیان بە داڕشتنی میکانیزمێکی نوێ کردووە بۆ پێوانەکردنی کاتژمێرەکانی کار و بەرهەمداریی فەرمانبەران.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاویکردەوە، بە بەشداریی نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ILO)، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوتوێکردنی پێوەری کاتژمێرەکانی کار لە عێراق بەڕێوەچوو.

 

بەپێی زانیارییەکان، لە دانیشتنەکەدا باس لە میکانیزمەکانی پێوانەکردنی کاتەکانی دەوام، بەردەوامی، ئاستی بەرهەمهێنان و کارایی ئەدای فەرمانبەران کرا، هاوکات پرسی داڕشتنی چوارچێوەیەکی نیشتمانی بۆ ئەم پێوەرە خرایە بەرباس.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرت و سەرنجی پسپۆڕانی وەزارەت لەبارەی فۆرمی ڕاپرسیی هێزی کار و شێوازی کۆکردنەوەی زانیارییە دروستەکان پێشکەش کران، لە بەرامبەریشدا نوێنەرانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار تیشکیان خستە سەر لایەنە هونەری و کارگێڕییەکان و پێویستیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونە جیهانییەکان، بەشداربووانیش جەختیان لە بەردەوامیی هەماهەنگییەکان کردەوە بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی ئەم پرۆژەیە.

 

عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەردەوام بووەتەوە لەبارەی کەمیی کاتی ڕاستەقینەی کارکردنی فەرمانبەران لە دامودەزگاکاندا، بۆیە هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی پێوەری نوێوە ئاستی بەرهەمداری لە کەرتی گشتیدا بەرز بکرێتەوە.