سەرۆکی ئەمریکا شەپۆلی پشێوی و خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی وڵاتێکی گەورەی ئەوروپای بە پرسی کۆچبەری بەستەوە و داوای داخستنی بەپەلەی سنوورەکانی کرد.

 

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ بڵاوی کردەوە، فەڕەنسا دەسووتێت و هاتنی کۆچبەران لە جیهانێکی تەواو جیاوازەوە ئەو وڵاتە گەورەیەی تێک داوە، بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانی پاریس پێش ئەوەی درەنگ بێت سنوورەکانیان دابخەن و کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن.

 

هاوکات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش ڕەخنەی لە سیاسەتی لیبراڵەکانی ڕۆژئاوا گرت و ئاماژەی بەوە کرد پشتگوێخستنی پرسی تێکەڵبوونی کۆچبەران لەگەڵ هاووڵاتییان ئەم دۆخە پڕ لە ئاژاوەیەی لە فەڕەنسا دروست کردووە.

 

ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی واشنتن، هاوکاتن لەگەڵ ڕوودانی توندوتیژی و تاڵانکردنی شوێنە گشتییەکان لە پاریس و چەندین شاری دیکە، دوای هاتنەسەرشەقامی سەدان هەزار کەس بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین دژی گرانی و سەختیی ژیانکردن لە وڵاتەکە.

 

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، هێزە ئەمنییەکانی فەڕەنساش زیاتر لە 1800 کەسیان لەم خۆپیشاندەرانە دەستگیر کردووە، لە کاتێکدا وڵاتەکە تەنیا شەش مانگی ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و لاچوونی ئیمانوێڵ ماکرۆن لە پۆستی سەرۆکی وڵاتەکە.

 

لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایەتی ناوخۆی فەڕەنسای گرتووەتەوە، پرسی کۆچبەری، قەیرانی بژێوی و شێوازی خوێندن بوونەتە تەوەری سەرەکیی ململانێ سیاسییەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئەمریکا.

 

ئیمانوێڵ ماکرۆن، لە ساڵی 2017ـەوە سەرۆککۆماری فەڕەنسایە و لە ساڵی 2022دا بۆ جاری دووەم هەڵبژێردرایەوە، بەپێی ماددەی شەشی دەستووری فەڕەنسا، هیچ کەسێک ناتوانێت زیاتر لە دوو جار لەدوای یەک سەرۆککۆمار بێت، بۆیە ماکرۆن ناتوانێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2027دا بەشداری بکات.

 

ماوەی سەرۆکایەتیی ماکرۆن، لە ئایاری 2027دا کۆتایی دێت و لەو هەڵبژاردنەدا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت، بەڵام ئەم سنووردارکردنەی ماکرۆن تەنیا بۆ دوو جار بەردەوامە، واتە ناوبراو دەتوانێت دوای تێپەڕبوونی ماوەی سەرۆکێکی تر، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2032دا بۆ جاری سێیەم، خۆی کاندید بکات.