دامەزراوەیەکی باڵای دارایی لە عێراق سیستمێکی ئەلیکترۆنیی نوێی بۆ گۆڕینەوەی دراوی تێکچوو لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی (ئەور)ەوە خزمەتگوزارییەکی نوێ بۆ هاووڵاتییان دەخرێتە گەڕ تاوەکو بتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ گۆڕینەوەی دراوی تێکچووەکانیان بە دراوی نوێ.

 

بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێنمایی ورد بۆ سەرجەم بانکە حکومی و ئەهلییەکان دەرکراوە لەبارەی پێوەرەکانی وەرگرتنی پارەی شیاو و نەشیاو بۆ مامەڵە، بەجۆرێک دراوی دڕاو ئەگەر کەمتر لە 3 سانتیمەتر بێت و بە شریتی ڕوون چاک کرابێتەوە لە بازاڕدا کاری پێ دەکرێت، بەڵام دراوی لەکارکەوتوو لە بانکەکان بەبێ بڕینی پارە بە دراوی نوێ دەگۆڕدرێتەوە.

 

بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، ئەو دراوانەی بەهۆی سووتان، شاردنەوە لەژێر خاکدا یان هەر ڕووداوێکی تر زیانی قورسیان بەرکەوتووە، تەنیا لە ڕێگەی بانکی ناوەندی و لقەکانییەوە وەردەگیرێن و سزای 10% بەسەر بڕی پارە تێکچووەکەدا دەسەپێنرێت.

 

لە کاتی گۆڕینەوەی بڕە پارەی زۆریش، واتە لە سەرووی 10 ملیۆن دینارەوە، داواکاری گۆڕینەوە دەبێت بەڵگەی فەرمی لەسەر سەرچاوەی شەرعیی داهاتەکەی بخاتە ڕوو، هاوکات دەست بەسەر دراوی ساختە و ئەو پارانەشدا دەگیرێت کە زیاتر لە 50%ی ڕووبەرەکەیان لەناو چووە.

 

بانکی ناوەندیی عێراق، ماوەیەکە کار لەسەر بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە داراییەکان و سنووردارکردنی مەترسییەکانی ساختەکاری دەکات، بە ئامانجی پاراستنی بەهای دراوی نیشتمانی و خێراکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان لە کەرتی بانکیدا.