وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی بەپەلەی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی هەورەبروسکەی ئاڕاستەی هێزەکانی لە سەنگەر و بارەگاکاندا کرد، بە مەبەستی پاراستنی گیانیان لە کاتی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و بارانی بەلێزمەدا.

 

ئەمڕۆ شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاریی پێشمەرگە ڕێنمایییە سەربازییە فەرمییەکانی بۆ خۆپارێزی لە هەورەبروسکە و ڕێگریکردن لە ڕووداوی نەخوازراو لە سەنگەرەکان بڵاوکردەوە.

 

وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە هێزەکانی دەکات لە کاتی داباریندا لە ناو سەنگەر و پەناگەکانیاندا بمێننەوە و بە هیچ جۆرێک نەچنە سەر گرد و ناوچە بەرزەکانی سەرەوەی سەنگەر و ژێر درەختی بەرز.

 

له‌ بڵاوكراوه‌كه‌دا جەخت کراوەتەوە، پێویستە چەکەکان، چەتر و سەرجەم ئامێرە کانزایییەکان لە جەستە دوور بخرێنەوە، هاوکات بەکارهێنانی مۆبایل بە تەواوی قەدەغە کراوە و دەبێت لە ناو بارەگاکانیشدا ئامێرە کارەبایییەکان و بارگاویکەرەوەکان (شاحینە) بکوژێنرێنەوە و لە دەرگای ئاسن و پەنجەرەکان دوور بکەونەوە.

 

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ هۆشداری ده‌دات، ڕاکشان و درێژبوون لەسەر زەوی لە شوێنی کراوەدا هەڵەیەکی مەترسیدارە، بەڵکو دەبێت پێشمەرگە سەر لەسەر ئەژنۆ دابنێت، پاژنەی پێیەکانی بنووسێنێت بەیەکەوە و گوێچکەکانی بە دەست بگرێت.

 

ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ پەیڕەوکردنی یاسای زێڕینی (30 - 30) بۆ هێزەکانی ڕوونكردووه‌ته‌وه‌، کە دەبێت لە کاتی کەمتر لە 30 چرکە مەودای نێوان برووسکە و دەنگەکەیدا بچنە شوێنی سەلامەت، هاوکات لانیکەم 30 خولەک دوای بیستنی دوایین دەنگی هەورەبروسکە لە پەناگەدا بمێننەوە.

 

ناوچە شاخاوییەکان و هێڵەکانی پێشەوەی بەرگریی پێشمەرگە بەهۆی بەرزییانه‌وه‌، لە وەرزەکانی پاییز و بەهاردا بەردەوام ڕووبەڕووی شەپۆلی چڕی هەورەبروسکە دەبنەوە، ئەمەش گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی خۆپارێزی لە نێو یەکە سەربازییەکاندا دەکاتە پێویستییەکی گرنگ.