بەهۆی ناکۆکی قووڵی نێوان کوتلە مەسیحییەکان لەسەر پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لە کابینەکەی عەلی زەیدی، پەرلەمانی عێراق نەیتوانی کاندیدی ئەو وەزارەتە پەسەند بکات و پۆستەکە بە بەتاڵی مایەوە.

 

بەپێی نەریتی سیاسی لە عێراق، پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ پێکهاتەی مەسیحی دیاری کراوە، به‌ڵام له‌ دوایین دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق به‌هۆی کێبڕکێی توندی نێوان کوتلەی 'سۆیانا' و بزووتنەوەی 'بابلیۆن' لەسەر شێوازی نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتەی مەسیحی نه‌تواندرا هیچ به‌ربژێرێک بۆ وه‌زاره‌ته‌كه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

 

له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی ئه‌لعه‌ره‌بی ئه‌لجه‌دید له‌ راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووه‌، كه‌ لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا گۆڕانکاری لە دابەشبوونی 5 کورسیی کۆتای مەسیحییەکان ڕووی دا؛ کوتلەی سۆیانا 3 کورسیی بەدەستهێنا و بزووتنەوەی بابلیۆن بە سەرۆکایەتیی ڕەیان کلدانی پاشەکشەی کرد بۆ 2 کورسی.

 

به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌لعه‌ره‌بی ئه‌لجه‌دید، لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا هەوڵدرا کاندیدێک بە ناوی سەربەخۆ تێپەڕێنرێت، بەڵام پەرلەمانتاران ڕەتیانکردەوە و کوتلەی سۆیانا ئەو کاندیدەی بە سەر بە بابلیۆن لە قەڵەم دا.

 

کەلدۆ ڕەمزی، سەرۆکی کوتلەی سۆیانا ڕایگەیاندبوو، وەرگرتنی وەزارەتەکە مافی شەرعیی ئەوانە و قبووڵی ناکەن کەسێک بە ناوی سەربەخۆ لەسەر حسابی براوەی زۆرینە فەرز بکرێت کە لە ڕاستیدا سەر بە باڵی بابلیۆن بێت.

 

لە لایەکی ترەوە، یۆنادەم کەننا پەرلەمانتاری پێشووی مەسیحییەکان ئاماژەی بەوە کردووه‌، کێشەکە پەیوەندیی بە ململانێی هێزە گەورەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هەیە و داوای کرد پێوەرەکان بۆ پاراستنی مافی شەراکەت جێبەجێ بکرێن.

 

لە چەند خولی ڕابردووی پەرلەماندا، بزووتنەوەی بابلیۆن بەهۆی باڵە چەکدارەکەی لە نێو حەشدی شەعبیدا دەسەڵاتی بەسەر تەواوی کورسییەکانی کۆتادا سەپاندبوو، بەڵام هەڵبژاردنی ئەم دوایییە وەرچەرخانێکی لە دەنگی شەقامی مەسیحی دروست کرد کە ئامانج لێی گێڕانەوەی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بوو بۆ ناوەندە دەستوورییەکان.