پاپا لیۆی چواردەهەم پاش چوار ڕۆژ لە ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی شێرپەنجەی سییەکان، نەخۆشخانە بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی حەوانەوەی خۆی لە ڤاتیکان.
ئەمڕۆ شەممە ئاژانسی دەنگوباسی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویکردەوە کە پاپای تەمەن 71 ساڵ لە دۆخێکی تەندروستی زۆر باشدایە و سبەی یەکشەممە لە پەنجەرەی گۆڕەپانی قەدیس پەترۆسەوە نوێژ و دوعای نیوەڕۆ پێشکەش دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پزیشکیی تایبەتی پاپا، بەشی خوارەوەی سیی ڕاستی دەرهێنراوە پاش ئەوەی پشکنینەکان دەرکەوتنی وەرەمێکی شێرپەنجەیییان لە جۆری ئادینۆکارسینۆما پشتڕاست کردەوە.
پشکنینەکانی خوێن و تیشکی ئێکس لە بەیانی ئەمڕۆدا دەریانخستووە کە کاردانەوەی جەستەی پاپا بۆ چارەسەرەکان زۆر باشە و توانای ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی ئاسایی کارە فەرمییەکانی خۆی ئەنجام بدات.
لە ماوەی مانەوەیدا لە نەخۆشخانە، پاپا لیۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ئەنجام داوە، چاوی بە یاریدەدەرە باڵاکانی کەوتووە و لە کەنیسەی بچووکی نەخۆشخانەکەدا بەشداریی لە نوێژی تایبەتدا کردووە.
ماتیۆ برۆنی، گوتەبێژی فەرمی دهوڵهتی ڤاتیکان ئاشکرای کردووه، پاپا بە تەنیا ڕێوڕەسمی ئایینی بەڕێوەبردووە و سوپاسی تەواوی کارمەندانی پزیشکی و پاسەوانانی ڤاتیکانی کردووە بۆ ئەو چاودێرییە وردەی لە کاتی نەخۆشییەکەیدا پێشکەشیان کردووە.
پاپا لیۆی چواردەهەم یەکشەممەی ڕابردوو لە گۆڕەپانی قەدیس پەترۆس بە هاوبڕوایانی ڕاگەیاندبوو، پزیشکەکان وەرەمێکیان لە سییەکانیدا دۆزیوەتەوە و دەبێت نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێکی بوێرانە لە مێژووی پاپاکانی ڤاتیکاندا تۆمار کرا.

