بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی سلێمانی دەستپێکردنی دابەشکردنی چەکی شایستە دارایییەکانی جووتیارانی بۆ وەرزی 2025 ڕاگەیاند و سبەی یەکشەممە دابەشکردنی پارەکە دەست پێدەکات.
ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی سایلۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکی فەرمیدا داوای لە جووتیاران کرد لە سبەی یەکشەممە 18ی ئۆکتۆبەرەوە سەردانی هۆبەی ژمێریاری بکەن بۆ وەرگرتنی چەکەکانیان.
سایلۆی سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە ئەو کەسەی گەنمەکەی بە ناوەوە ڕادەست کراوە خۆی ئامادە بێت یان کەسی ئامادەبوو بریکارنامەی فەرمی دادنووسی پێ بێت.
لە مەرجەکاندا هاتووە کە ئەگەر ساڵێک بەسەر بریکارنامەکەدا تێپەڕی بێت پێویستە تازە کرابێتەوە، هاوکات هەبوونی کارتی نیشتمانی بۆ وەرگرتنی چەکی پارەکە مەرجی سەرەکییە.
ئەم هەنگاوەی سایلۆكه لە کاتێکدایە، لە سنووری پارێزگای هەولێر پرۆسەکە پێشخراوە، بە جۆرێک لە ههفتهی ڕابردووەوە دابەشکردنی چەکی شایستە دارایییەکانی جووتیاران لە هەردوو سایلۆی هەولێر و قوشتەپە دەستی پێکردووە و بەردەوامی هەیە.
شایستە دارایییەکانی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە دابین دەکرێن و بە چەند قۆناغێک لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە ڕەوانەی بانک و سایلۆکانی هەرێم دەکرێن بۆ ئەوەی بەسەر جووتیاراندا دابەش بکرێن.