پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستاندا پێ دەنێتە قۆناغێکی پێشکەوتوو؛ بەپێی دوایین ئامارەکان، زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر مووچەکانیان بە دیجیتاڵی وەرگرتووە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێترین داتا و ئاماری فەرمیی پڕۆژەی 'هەژماری من'ـی بڵاو کردەوە. بەگوێرەی ئامارەکان، تا ئێستا زیاتر لە 1.14 ملیۆن مووچەخۆر لە سیستەمەکەدا تۆمار کراون و 1.07 ملیۆن کەسیش کارتی بانکییان پێ دراوە.

 

لە کۆی گشتیی تۆمارکراوانی پڕۆژەی 'هەژماری من'، بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول 1.02 ملیۆن مووچەخۆر شایستە دارایییەکانیان بە شێوەیەکی دیجیتاڵی پێ دراوە، کە ئەمەش نزیکەی 90 لەسەدی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێک دەهێنێت.

 

هەر بەپێی زانیارییەکانی پڕۆژەکە، تا ئێستا زیاتر لە 11 ترلیۆن دینار لە ڕێگەی ئەم سیستەمە بانکییەوە دابەش کراوە و 62 ملیار دیناریش لەنێو هەژمارە بانکییەکاندا وەک پاشەکەوت پارێزراوە. هەروەها حەوت بانکی سەرەکی لە ڕێگەی نزیکەی 800 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە 200 شوێنی جیاوازدا بەشدارن لە پڕۆسەکەدا.

 

دابەشبوونی جوگرافیی سوودمەندبووانی پڕۆژەکە بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:

هەولێر: 422,130 مووچەخۆر

سلێمانی: 372,194 مووچەخۆر

دهۆک: 196,741 مووچەخۆر

هەڵەبجە: 25,225 مووچەخۆر

 

پڕۆژەی 'هەژماری من' لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراقدا دەستی پێکردووە؛ بە مەبەستی گۆڕینی شێوازی نەریتیی مووچەدان لە کاشەوە بۆ دیجیتاڵی و لکاندنی هاووڵاتییان بە سیستەمی بانکیی سەردەمییانە. ئامانجی کۆتاییی پڕۆژەکەش دەستەبەرکردنی شەفافیەتی تەواوە لە خەرجییە گشتییەکان و بەدیهێنانی سەربەخۆییی دارایی بۆ مووچەخۆران.