بەهۆی کاریگەریی هەورەبروسکە و ڕەشەبا و بارانبارینی بەخوڕەوە، کارەبای نیشتمانی لە سنووری سیمێل لە پارێزگای دهۆک و شارەدێی قوشتەپە لە دەشتی هەولێر پچڕا و زیان بەر تۆڕەکان کەوت.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ڕاگەیەندراوی بەپەلەدا هۆکاری کوژانەوەی بەشێک لە فیدەرەکانی کارەبای لەو ناوچانە ئاشکرا کرد.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی کارەبا، بەهۆی کەوتنی هەورەبروسکە لەسەر وێستگەی سیمێل، کارەبای بەشێک لە فیدەرەکانی ئەو قەزایە بە تەواوی کوژاوەتەوە.

 

ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ جەختی کردووەتەوە کە تیمەکانی ئەندازیاری و چاککردنەوە بە شێوەیەکی بەردەوام لە کاردان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە و گەڕاندنەوەی تەزووی کارەبا بۆ هاوبەشان.

 

وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان ئاشكرا ده‌كات، ڕەشەبا و بارانی بەهێز زیانی گەورەی بە ژمارەیەک ستوونی کارەبا لە سنووری شارەدێی قوشتەپە گەیاندووە و بووەتە هۆی بڕانی کارەبا لە ناوچەکەدا؛ هاوکات تیمەکانی چاککردنەوەی کارەبای دەشتی هەولێر لە مەیداندان و سەرقاڵی چاککردنەوەی ستوونە شکاوەکانن تا لە زووترین کاتدا کارەبای ئەو سنوورەش ئاسایی ببێتەوە.

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، له‌ ئێواره‌ی دوێنێوه‌ شەپۆلێکی ناسەقامگیریی کەشوهەوا لەگەڵ هەورەبروسکەی بەهێز و با و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کەشناسییش هۆشداری دابوو لەوەی ئەم گۆڕانکارییانە دەبنە هۆی دروستبوونی کێشە لە تۆڕە خزمەتگوزارییەکاندا.