بۆ یەکەم جار لە وڵاتی مەغریب، کابینەی نوێی حکومەت بە سەرۆکایەتیی ژنێک سوێندی یاسایی خوارد، ئەمەش وەک یەکەمین دەستکەوتی مێژوویی لەو شێوەیە لە ژیانی سیاسیی ئەو وڵاتەدا تۆمار دەکرێت.

ئەمڕۆ میدیا فەرمییەکانی مەغریب بڵاویانکردەوە، ئەندامانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە بە سەرۆکایەتیی فاتمە زەهرا مەنسووری لە کۆشکی شاهانەی ڕیبات، لە بەردەم شا محەممەدی شەشەم سوێندی دەستوورییان خوارد. پێکهاتەی ئەم کابینەیە لە 32 ئەندام پێکدێت و تێیدا حەوت ژن پۆستی وەزارییان پێدراوە.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکانیش، بۆ یەکەمین جار لە وڵاتی مەغریب وەزارەتێکی تایبەت و نوێ بە ناوی "زیرەکیی دەستکرد، وەرچەرخانی دیجیتاڵی و چاکسازیی کارگێڕی" پێکهێنراوە و پۆستەکە بە ئەحمەد ڕەحۆ سپێردراوە.

حکومەتی نوێی مەغریب، لەسەر بنەمای هاوپەیمانیەتیی چوار پارتی سەرەکی بە کۆی 210 کورسی لە پەرلەمان پێکهاتووە، کە بریتین لە: پارتی ڕەسەنایەتی و هاوچەرخی، ئیستقلال، یەکێتیی سۆسیالیستی، لەگەڵ پارتی پێشکەوتن و سۆسیالیزم.

هاوکات پۆستە سیادی و سەرەکییەکان، بە دەستی کەسایەتییە سەربەخۆکانەوە مانەوە، لەوانە وەزارەتەکانی ناوخۆ، کاروباری دەرەوە، ئەوقاف و بەڕێوەبردنی بەرگریی نیشتمانی، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری و بەردەوامیی پلانە نیشتمانییەکان.

فاتمە زەهرا مەنسووری، لە مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەیدا یەکەمین ژنە کە پۆستی سەرۆکوەزیران وەردەگرێت و سەرپەرشتیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکات، ئەم هەنگاوەش وەک وەرچەرخانێکی گرنگ بۆ فراوانکردنی بەشداریی ژنان لە کایەی دەسەڵاتی جیهانی عەرەبی و باکووری ئەفریقیادا سەیر دەکرێت.