پۆلیسی فەرەنسا لە ئامادەباشیدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندانی 200 هەزار کەس کە دژی گرانی بژێوی ژیان و سیاسەتی دەستپێوەگرتن دەڕژێنە سەر شەقامەکان.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ئەلمەدا بڵاویکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فەرەنسا لە برۆکسلەوە داوای ئارامی لە هاووڵاتییان کردووە پێش دەستپێکردنی خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان.
بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان و ڕێکخراوەکانی خوێندکاران هاوپەیمانییەکی نوێیان پێکهێناوە و داوایان لە مامۆستایان، کرێکاران و جووتیاران کردووە بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا بکەن.
لۆران نونیێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا پێشبینیی بەشدارییەکی بەرفراوان دەکات و دەسەڵاتدارانی پاریسیش گردبوونەوەیان لە چەقی پایتەختدا قەدەغە کردووە.
لەلایەکی ترەوە، سێباستیان لۆکۆرنۆ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا ژووری ئۆپەراسیۆنی بۆ بەدواداچوونی ڕەوشەکە پێکهێناوە لە کاتێکدا هەوڵی پەسەندکردنی بودجەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەدات.
بهپێی زانیارییهكان، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئهو وڵاتهش دابەش بوون؛ چەپڕەوەکان بە سەرۆکایەتیی ژان لوک مێلانشۆن پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان دەکەن و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی مارین لۆپێن بەرگری لە پۆلیس دەکەن.
ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتییەکان تەنیا چەند مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی فەرەنسا دێت، لە کاتێکدا بزووتنەوەی هێلەک زەردەکان 8 ساڵ لەمەوبەر گەورەترین قەیرانی سیاسییان بۆ دەسەڵاتەکەی ماکرۆن دروست کردبوو.