كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی ئەمڕۆ لە عێراق بە بەشداریی نوێنەرانی زیاتر لە 50 وڵات و دەیان ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەستی پێکرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق (واع) بڵاویکردەوە، بە بەشداری 55 وڵاتی ئیسلامی ئەندام و چاودێر، کارەکانی 52ـین خولی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە شاری بەغدا دەست پێدەکات.
حەسەنین کامیل، وتەبێژی فەرمیی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، ئەم خولە لەژێر دروشمی دیالۆگ و هاوسۆزی: دوو بنەمای بنەڕەتین بۆ بەهێزکردنی ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، هاوکات تەواوی شاندە فەرمییەکان گەیشتوونەتە پایتەخت بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەنووکەییەکان.
لەپاڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی، ژمارەیەک بەرپرسی باڵای جیهانی لەم لوتکەیەدا ئامادەن، لە نێویاندا ئەمینە محەممەد جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەرانی 40 ڕێکخراوی ناحکومی دیکەش، کۆبوونەوەکە وەک هەوڵێکی چڕی دیپلۆماسی دادەنرێت لە پێناو یەکخستنی دیدگای وڵاتان بەرامبەر قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و پتەوکردنی بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی.
ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لە ساڵی 1969 دامەزراوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوە دووەم باڵاترین ناوەندی بڕیاردانە لە دوای لوتکەی سەرکردەکان، ئەم ئەنجوومەنە ساڵانە لە خولێکی ئاساییدا، یان لە کاتی پێویستدا لە دانیشتنی نائاساییدا بۆ یەکلاکردنەوەی سیاسەتە گشتییەکان کۆدەبێتەوە.