ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێکی نائاساییدا بە ئامادەبوونی 261 پەرلەمانتار، دەنگی متمانەی بە سێ جێگری سەرۆکوەزیران و 11 وەزیری نوێ بەخشی و بەمەش کابینەکەی عەلی فالح زەیدی بە تەواوەتی یەکلا کرایەوە.

 

ئەم دانیشتنە کۆتایی بە چەندین هەفتە لە ململانێ و چەقبەستوویی سیاسی لە بەغدا هێنا، تیایدا پۆستە بەتاڵ و ماوه‌كان لە ڕێگەی دەنگدانی تاکەکەسیی پەرلەمانتارانەوە پەسەند کران.

 

لە پێکهاتەی نوێی کابینەکەدا، گرنگییەکی بەرچاو بە پێگەی پێکهاتەکان دراوە، بە جۆرێک کە لەسەر بنەمای بەشینەوەی وەزارەتەکان، پێکهاتەی سوننە سێ وەزارەت، لایەنەکانی شیعە چوار وەزارەت، کریستیان و کەمینەکان یەک وەزارەت و کوردیش وەزارەتێکی لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران بەدەست هێنا.

 

لە کەرتی پشکی کورددا، ڕێباز حەملان متمانەی زۆرینەی پەرلەمانتارانی بەدەست هێنا و بە فەرمی بووە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، کە یەکێکە لە پڕبودجەترین و گرنگترین وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی فیدراڵ.

 

هەروەها پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کورد و بە تایبەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان جێگیر کرا، ئەمەش لە کاتێکدایە موحسین مەندەلاوی وەک جێگری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهاتەی کوردی فەیلی لەگەڵ لەیس خەزعەلی و محەممەد تەمیم دەنگی متمانەیان وەرگرت.

 

هاوکات لە سەرەتای دەستپێکردنی دانیشتنەکەدا، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان نەچوونە ناو هۆڵی پەرلەمان، ئەمەش وەک کاردانەوە و چاوەڕوانییەک بۆ یەکلاکردنەوەی کۆتاییی ڕێککەوتنە سیاسییەکان لەسەر پشک و شایستەکان.

 

لەلایەکی ترەوە سروە محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاندووه‌، وەک یەکێتی هیچ پشک و پۆستێکیان لەم وەزارەتانەدا نەماوە، بەڵام بەهۆی بوونی ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ لایەنەکانی شیعە و سوننە بەشدارییان لە دەنگدانەکەدا کردووە.

 

لە پۆستە ئەمنییە هەستیارەکاندا، پەرلەمان متمانەی بە نایف شەممەری بەخشی وەک وەزیری بەرگریی عێراق، هەروەها یاسر مالیکی بە وەزیری نوێی ناوخۆ هەڵبژێردرا تاوەکو کۆتایی بە بەڕێوەبردنی بە وەکالەت لە جومگە ئەمنییەکاندا بهێنرێت.

 

لە کەرتی خزمەتگوزاری و کارگێڕیشدا، قوتیبە غازی بووە وەزیری پلاندانان، دکتۆر حەیدەر بەهاء پۆستی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەرگرت و یاسین عیساویش وەک وەزیری ڕۆشنبیری پەسەند کرا.

 

هەروەها محەممەد مووسەوی وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و سەفا کینانی وەک وەزیری لاوان و وەرزش دەنگی متمانەیان پێ درا تا دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەی خزمەتگوزاریی خۆیان بکەن.

 

لە چوارچێوەی وەزارەتە نوێیه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی زه‌یدیشدا، پەرلەمان دەنگی بە محەممەد دەڕڕاجی دا وەک وەزیری ئابووریی دیجیتاڵی و حوکمڕانی، هاوکات عەلی دخەیلی بووە وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەوار.

 

بۆ نوێنەرایەتیکردنی کەمینە و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانیش، محەممەد سەمعان متمانەی ئەندامانی پەرلەمانی بەدەست هێنا و وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەستنیشان کرا.

 

دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانەکە، سەرجەم جێگرانی سەرۆکوەزیران و وەزیرە نوێیەکان لەبەردەم سەرۆکایەتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا سوێندی دەستووری و یاسایییان خوارد.

 

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە بەشداریکردنی کارای کورد لەم پێکهاتەیەدا و وەرگرتنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەلایەن ڕێباز حەملانەوە، ڕۆڵێکی گەورە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە ناوچە جیاوازەکان و پاراستنی هاوسەنگیی هێز لە بەغدا دەگێڕێت.

 

تەواوبوونی کابینەکەی عەلی فالح زەیدی بە شێوەیەکی فەرمی ڕێگە بۆ ناردن و پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2027 دەکاتەوە کە بە گرنگترین دۆسیەی ئابووریی ساڵی داهاتوو دادەنرێت.