فەرمانگەکانی فرۆشتنی وزە لە هەولێر و دهۆک سبەی هەینی دەکرێنەوە تاوەکو هاووڵاتییان لە داشکاندنی 50%ی قەرزی کۆنی کارەبا سوودمەند بن پێش ئەوەی وادەکەی کۆتایی بێت.

 

ئەمڕۆ پڕۆژەی ڕووناکی لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، سەرجەم فەرمانگەکانی فرۆشتنی وزەی کارەبا سبەی هەینی لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی تاوەکو 4:00ی ئێوارە کراوە دەبن.

 

ئەم بڕیارە بۆ کارئاسانییە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی قەرزی کۆنی کارەبای پێش پڕۆژەی ڕووناکییان لەسەر ماوە و تەنیا سێ ڕۆژ لەبەردەستیاندایە بۆ سوودمەندبوون لە داشکاندنی 50%.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە دوای تەواوبوونی ئەم وادەیە داشکاندنەکە نامێنێت و تەواوی قەرزەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەکرێنە قیستی مانگانە بەبێ داشکاندن.

 

پڕۆژەی ڕووناکی دەستپێشخەرییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ شارەکان لە ڕێگەی پێوەری زیرەک و دانانی سیستەمێکی نوێی کۆکردنەوەی داهات.