توێژینەوەیەکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەیمبریج لە ئەشکەوتی شانەدەر، کۆنترین بەڵگەی توندوتیژیی کوشندەی نێوان مرۆڤەکانی پێش مێژووی لە ڕێگەی ڕمی دارینەوە ئاشکرا کرد.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان و زانکۆی کەیمبریجی بەریتانی لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستی نێودەوڵەتی Scientific Reports بڵاوکراوەتەوە.

 

بەپێی توێژینەوەکە، لە ئێسکی شانی پیاوێکی نیاندەرتال بە ناوی شانەدەر A کە مێژووەکەی بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کونێکی بازنەیی 15 ملم دۆزراوەتەوە کە بەهۆی لێدانی ڕمێکی دارینی تیژکراوەوە دروست بووە.

 

شوێنەوارناسان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەڕای ئەم کۆتایییە توندوتیژە، بوونی برینی ساڕێژبووی پێشوو لە جەستەی هەمان کەسدا دەیسەلمێنێت کە نیاندەرتالەکان خاوەنی سۆز، چاودێری و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی قووڵ بوون بەرامبەر یەکتر.

 

ئەشکەوتی شانەدەر لە دەڤەری برادۆست بە یەکێک لە گرنگترین شوێنەوارەکانی جیهان بۆ تێگەیشتن لە ژیان، نەریت و ڕەفتاری مرۆڤی نیاندەرتال دادەنرێت و ساڵانێکە لەژێر پشکنینی زانستیی بەردەوامدایە.