لە کۆمەڵگەی دۆمیزی سەر بە پارێزگای دهۆک، گەنجێکی تەمەن 28 ساڵ بە دەمانچە خوشکە 20 ساڵانەکەی لەناو ئۆتۆمبێلێکدا کوشت.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا توانیویانە بکەری تاوانەکە دەستگیر بکەن پاش ئەوەی لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتبوو.

 

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتایییەکانی پۆلیس، ڕووداوەکە درەنگانی شەوی ڕابردوو لە سنووری قەزای سێمێل بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە ڕووی داوە.

 

تۆمەتبارەکە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە چەکەکەی شاردووەتەوە، بەڵام پاش دەستگیرکردنی لە بەردەم پۆلیسدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە پەڕاوی یاسایی بۆ کراوەتەوە.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەشێکی بەرچاو لە تاوانەکانی کوشتن لە هەرێمی کوردستان بەهۆی چەکی بێمۆڵەت و کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانەوە ڕوو دەدەن.