ئاستی گرژییە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی 10 کەشتیی بازرگانی کراونەتە ئامانج.
ئەمڕۆ ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، بەپێی داتاکانی ئاسایشی دەریایی لە ڕۆژی یەکشەممەوە تا ئێستا بە لایەنی کەمەوە 10 کەشتی لە گەرووی هورمز یان نزیک ئەو ناوچەیە هێرشیان کراوەتە سەر، ئەمەش بەرزترین ئامارە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران تۆمار کرابێت.
سەرچاوە دەریاییەکان ئاشکرایان کردووە، بەهۆی هێرشە نوێیەکانەوە کەشتییەکی گەورەی گواستنەوەی کۆنتێنەر نقووم بووە و دوو دەریاوانیش بێسەروشوێنن، هاوکات ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی دەریاوانی گیانلەدەستدانی 24 دەریاوانی لە سەرەتای پێکدادانەکانەوە لەو سنوورە پشتڕاست کردووەتەوە.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە، 23 هێرش بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمار کراون، ئەمەش نزیکەی دوو هێندەی تێکڕای مانگانەی ڕووداوەکانە لە کاتی دەستپێکردنی جەنگی نێوان هەردوو وڵاتی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران.
شیکەرەوانی بواری وزە و ئاسایشی کەشتیوانی ڕوونی دەکەنەوە، ئەم هەڵکشانە لە کاتێکدایە هەناردەی نەوتی کەنداو بەرەو ئاساییبوونەوە دەچوو و هاتووچۆ گەیشتبووە 80 لەسەدی دۆخی پێش جەنگ، بۆیە ئامانج لە چڕکردنەوەی لێدانەکان پەکخستنی ئەو بووژانەوەیە و سەپاندنی باجی قورسە بەسەر بازاڕی وزەی جیهاندا، جیا لەوەی بەڵێنە سیاسییەکانی ئەمریکا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە پێش هەڵبژاردنەکان، بوارێکی لەباری بۆ تاران ڕەخساندووە گوشارەکانی لە ڕێڕەوە دەریاییەکاندا زیاتر بکات.
پەرەسەندنی پێکدادانە دەریاییەکان لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە دەستی پێکرد، دوای ئەوەی ئێران لە کاردانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکانی لە گەرووی هورمز کردە ئامرازی وەڵامدانەوە.