هەوڵەکان بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی نوێی حکومەت لە عێراق پێ دەنێنە قۆناغێکی چارەنووسسازەوە و ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی 3 وەزارەتی نوێ کراوە.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع) بڵاوی کردەوە، ڕیاز تەمیمی، ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی سادقوون ئاشکرای کردووە کە لە کابینەی نوێدا 3 وەزارەتی نوێ بە ناوەکانی (گەشتوگوزار، دەوڵەت بۆ کاروباری کەمینەکان، هەروەها ئابووریی دیجیتاڵی و حوکمڕانی) دادەمەزرێن.
بەپێی زانیارییەکان، پۆستی گەشتوگوزار بۆ عەلی دوخەیلی و کەمینەکانیش بۆ پێکهاتەی تورکمان و کاندیدەکەیان محەممەد سەمعان یەکلایی بووەتەوە، لە کاتێکدا کاندیدی وەزارەتی ئابووریی دیجیتاڵی لە کاتی دەنگداندا ئاشکرا دەکرێت و پشکی فراکسیۆنی خزمەتگوزارییەکانە.
بەپێی لێدوانی ئەو پەرلەمانتارە، زۆربەی پۆستە بنەڕەتییەکان کاندیدەکانیان یەکلایی کراونەتەوە بەم شێوەیە:
یاسر مالیکی بۆ وەزارەتی ناوخۆ
نایف شەممەری بۆ وەزارەتی بەرگری
یاسین عیساوی بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری
حەیدەر بەهائی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا
سەفا کینانی بۆ وەزارەتی لاوان و وەرزش
محەممەد مووسەوی بۆ وەزارەتی کار
ڕێباز حەملان بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە
لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوو وەزارەتی پلاندانان و کۆچ و کۆچبەران هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە، بەڵام پێشنیاز هەیە ئیڤان فایەق جابرۆ وەک کاندیدی پێکهاتەی مەسیحی بۆ وەزارەتی کۆچ پەسەند بکرێت.
دابەشکردنی پۆستە وزارییەکان لە عێراق، بەردەوام لەسەر بنەمای تەوافوق و پشکپشکێنەی نێوان لایەنە سەرەکییەکان بەڕێوە دەچێت، ئەمەش پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکومەت لەگەڵ ئاستەنگی و دواکەوتندا ڕووبەڕوو دەکاتەوە.
3 وەزارەتی نوێ لە عێراق دروست دەکرێن و ناوەکان ئاشکرا بوون
کورتە
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە 3 وەزارەتی نوێ دابمەزرێن. زۆربەی پۆستە سیادییەکان یەکلایی بوونەتەوە و کاندیدی وەزارەتەکانیش دیاری کراون، بەڵام هێشتا کێشە لەسەر چەند وەزارەتێک ماوە.