شەپۆلێکی نوێی ڕەخنە و مشتومڕ لە ناوەندە میدیایی و سیاسییەکانی ئەمریکا سەری هەڵداوە، دوای ئەوەی دەرکەوت گوتەبێژی نوێی ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە تاقیکردنەوەی سەندیکای پارێزەران دەرنەچووە.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی دەیلی مەیل بڵاوی کردەوە، کەیتی زەکەریا، گوتەبێژی نوێی ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە تاقیکردنەوەی پیشەیی سەندیکای پارێزەرانی ویلایەتی کالیفۆرنیا دەرنەچووە و هیچ مۆڵەتێکی پارێزەری لە سەرتاسەری ئەمریکادا بەدەست نەهێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی دەیلی مەیل، بەدواداچوون بۆ تۆماری فەرمیی پارێزەران لە ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، تێکساس و واشنتن دەریخستووە ناوی کەیتی زەکەریا، لە هیچ کام لە تۆمارە یاساییەکاندا بوونی نییە، لە کاتێکدا پێش وەرگرتنی ئەم پۆستە، لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەکانیدا بەردەوام وەک پارێزەر و ستراتیژیستی یاسایی خۆی ناساندووە و دەرکەوتووە.
بەرپرسانی کۆشکی سپی لە کاردانەوەی ئەم هەواڵەدا، پشتیوانیی خۆیان بۆ ناوبراو دووپات کردەوە و ڕایانگەیاند، دەستنیشانکردنی لە پۆستەکەدا بۆ پێشکەشکردنی ڕاوێژی یاسایی نییە، بەڵکو بۆ گەیاندنی سیاسەتەکانی حکومەت و وەڵامدانەوەی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانە.
لە بەرامبەردا، گوتەبێژە نوێیەکە لە لێدوانێکدا بەرگری لە ئەزموونی خۆی کرد و ئاماژەی بەوە دا، دوای تەواوکردنی خوێندنی یاسا لە ساڵی 2011دا، لە وڵاتی چین لە کۆمپانیایەکی یاسایی نێودەوڵەتیدا کاری کردووە، بەوپێیەی ئەو ئەرکە ڕاوێژکاری بووە، پێویستی بە مۆڵەتی فەرمیی پارێزەریی ئەمریکی نەبووە.
پێشتریش لە مێژووی ئیدارەکانی ئەمریکادا پرسی متمانە و ڕاستیی سیڤیی کاندیدە دەستنیشانکراوەکان بۆ پۆستە باڵاکان، بەتایبەتی کارمەند و بەرپرسەکانی کۆشکی سپی، چەندین جار مشتومڕی گەورەی لە ناوەندە میدیاییەکاندا دروست کردووە.
کەیتی زەکەریا، گوتەبێژی نوێی کۆشکی سپی لە ئەمریکا، ژنێکی چالاکی سیاسی و شرۆڤەکارە کە پێشتر لە کەناڵەکانی فۆکس نیوز و نیوزماکس کاری کردووە، هەروەها لە بواری پەیوەندییەکانی ڕاگەیاندن بۆ کۆمپانیای میدیایی دۆناڵد ترەمپ و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا ئەزموونی هەیە.
گوتەبێژە نوێیەکەی کۆشکی سپی لە تاقیکردنەوەی سەندیکای پارێزەران دەرنەچووە
کورتە
گوتەبێژی نوێی ڕۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، ڕووبەڕووی شەپۆلێک لە ڕەخنە بووەتەوە دوای ئەوەی دەرکەوت لە تاقیکردنەوەی سەندیکای پارێزەران دەرنەچووە و هیچ مۆڵەتێکی یاسایی نییە.