وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سیستەمی زانکۆلاینی بۆ 2700 دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی لە کەرکووک، خانەقین و شەنگال کارا کرد.
ئەمڕۆ عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 8:30ی بەیانی سبەی پێنجشەممەوە دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکان دەتوانن لە ڕێگەی زانکۆلاینەوە داواکاری پێشکەش بکەن.
پڕۆسەی ناوتۆمارکردنی قوتابییان لە ماڵپەڕی regayzanko.com ئەنجام دەدرێت و تاوەکو کاتژمێر 12:00ی شەوی دووشەممە 2026/10/19 بەردەوام دەبێت.
دەرچووان هاوشێوەی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان بە هەمان مەرج و پێوەر لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان وەردەگیرێن، هەروەها نووسینگەی کەرکووکی وەزارەت ئەرکی چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی پێ سپێردراوە.
ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا بەشێک لە کورسییەکانی خوێندنی بێبەرامبەر بۆ پاڵپشتیی پەروەردەی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تەرخان دەکات.