هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک چوار تۆمەتباریان دەستگیر کرد کە لەسەر کێشەی کۆن ماڵێکیان بە چهكی قوڕسی جۆری ئاڕ پی جی کردبووە ئامانج.
ئەمڕۆ پۆلیسی کەرکووک بڵاویکردەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە تەواوی ئەندامانی ئەو گرووپە چەکدارە دەستگیر بکەن.
له بڵاوكراوهكه هاتووه، دەستگیرکردنەکە لە سنووری ناحیەی قەرەهەنجیر و پاش ئەوە هات کە تۆمەتبارەکان بە چەکی قورس هێرشیان کردبووە سەر ماڵێک لە گوندی خاڵۆ بازیانی.
بەپێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی 430 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و ڕەوانەی دادگا دەکرێن.
فەرماندەییی پۆلیسی کەرکووک دووپاتی کردەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم هێزەکان، ڕێگری لە هەر چەکداری و تێکدانی ئاسایشی هاووڵاتییان دەگرن.