سهرۆكوهزیران مەسرور بارزانی، لە فەرمانێکی فەرمیدا، وەزارەتی دارایی و شاندی دانوستانکاری هەرێمی ڕاسپارد کە خەرجی، مووچە و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2027 جێگیر بکەن.
ئهمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومهتی ههرێی كوردستان ڕایگەیاند، بەپێی نووسراوی فەرمی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە 12649 لە ڕێکەوتی 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی جەختی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پشکی خۆی لە بوودجەی فیدراڵییەوە بەشداری لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکاندا دەکات و دەبێت تەواوی خەرجییەکانی پێشمەرگەش بخرێنە ئەو چوارچێوەیەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە پێویستە لە دانوستانەکانی بوودجەی فیدراڵی ساڵی 2027ـدا، کار بۆ دەستەبەرکردنی مووچە، دەرماڵە و تەواوی شایستە دارایییەکانی پێشمەرگە بکرێت بە یەکسانی لەگەڵ هاوتاکانیان لە هێزە فیدراڵییەکاندا، لەوانەش خەرجیی پرۆژەکان، ڕاهێنان و پڕچەککردن، هاوکات داوا کراوە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا بکرێت بۆ داکۆکیکردن لەم مافە لە پەرلەماندا.
ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکومەت لە کاتێکدایە کە ساڵانە لە کاتی ئامادەکردنی بوودجەی عێراقدا، خەرجی و مووچەی پێشمەرگە ڕووبەڕووی کۆسپ دەبێتەوە، لە کاتێکدا دەستووری عێراق پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی فیدراڵی دەناسێنێت.