هەڵوێستی کۆتاییی ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەیە کە پشکی بودجە دەبێت بە یەکلاییکردنەوەی ڕێژەی 14.14٪ـی دانیشتووان لەسەر بنەمای سەرژمێریی 2024 دیاری بکرێت.
ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشهات و ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان شاندی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ سەبارەت بە ماف و شایستە داراییەکان لە چوارچێوەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵی 2027 خرایە بەردەم ئەنجوومەن.
دوای گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن لەگەڵ شاندی دانوستانکار، ئەنجوومەنی وەزیران تێبینی و نیگەرانییەکانی خۆی لەسەر هەندێک لە دەق و ئاڕاستە پێشنیارکراوەکان دەربڕی و جەختی لە پێویستیی ڕەچاوکردنی ماف و شایستە دەستووری و داراییەکانی هەرێم کردەوە.
لەم بارەیەوە، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە، ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەپێی ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی ساڵی 2024 بریتییە لە 14.14٪ و دەبێت ئەم ڕێژەیە ببێتە بنەمای دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدڕاڵیدا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە، کە مووچە و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران، پێشمەرگە، خانەنشینان، کەسوکاری شەهیدان، زیندانیانی سیاسیی و سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و پلەی وەزیفیی و تەخانکراوە داراییەکان بە یەکسانی دابین بکرێت، بە هەمان پێوەری هاوشێوەکانیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق و بەبێ بەستنەوەی بە ناکۆکی و دانانی کۆتوبەندی ناڕەوا، بە پشتبەستن بە دەستوور، یاسا و بڕیارە پابەندکارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی.
لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ شاندی دانوستانکار دووپات کردەوە و رایگەیاند، ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و دەستووری کە ماف و شایستەکانی هەرێم و هاووڵاتییان بپارێزێت و چارەسەرێکی هەمیشەیی و جێگیر بۆ کێشە داراییەکان دابین بکات.
