ئەنجوومەنی باڵای فەتوای کوردستان دوو فەتوای نوێی شەرعیی دەرکرد و تێیدا حوکمی فرۆشتنەوەی کاڵای بە قیست و فێڵی واژۆکردنی دوو گرێبەستی جیاوازی لە کەرتی تایبەتدا ڕوونکردەوە.
دوێنێ ماڵپهڕی یهكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ڕاگهیهندراوێكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای بڵاوكردهوه و تیایدا هاتووه، كه پەیڕەوکردنی فێڵی دوو گرێبەست لە لایەن کۆمپانیا و قوتابخانە ئەهلییەکانەوە بە مەبەستی خۆدزینەوە لە باج، کارێکی نادروست و فێڵکردنە و دەچێتە خانەی خواردنی ماڵی خەڵک بە ناهەق، هاوکات سێ مەرجی سەرەکی بۆ دروستی فرۆشتنەوەی کاڵای قیست بە هەمان فرۆشیار دیاری کرد.
سەبارەت بە فرۆشتنەوەی کاڵا، زەوی و شوقە بە هەمان ئەو فرۆشیارەی لێی کڕدراوە پێش تەواوبوونی قیستەکان، ئەنجوومەنی فهتوا ڕوونی کردەوە کە ئەمە شێوازێکە لە 'فرۆشتنی عیینە' و باشترە نەکرێت، بەڵام ئەگەر ئەنجام درا، دەبێت پێشتر لەسەری ڕێکنەکەوتبن، کڕیار کاڵاکەی بە تەواوی وەرگرتبێت و کاتی دانەوەی قیستی یەکەمیش دیار بێت.
ئهنجوومهنهكه سەبارەت بە مامۆستایان و کرێکارانیش کە ناچار دەکرێن بە دوو گرێبەست کار بکەن جەختی کردەوە، کە مووچەکەیان حەرام نابێت، بەڵام داوای لە لایەنی پەیوەندیدار کرد ڕێگری لەو ستەم و فێڵەی خاوەنکاران بکەن.
دەرچوونی ئەم دوو فەتوایە لە کاتێکدایە کە لە بازاڕ و کەرتی پەروەردەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا، کێشەی مافی داراییی مامۆستایان و ئاڵۆزیی مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتنی قیست ڕووی لە زیادبوون کردووە و پێویستی بە یەکلاییکردنەوەی شەرعی هەبوو.