پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە پارێزگای سلێمانی بەسەر توێژە جیاوازەکاندا بەردەوامە و زیاتر لە 250 پارچە زەوی بە شێوەی تیروپشک درایە فەرمانبەران و کەسوکاری شەهیدان.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویکردەوە، 253 پارچە زەوی لە سنووری قەزای سەیدسادق بەسەر فەرمانبەران، خانەنشینان، زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیداندا دابەش کراوە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی قەزاکە ڕوونیشی کردەوە، پرۆسەکە بەپێی سیستەمی خاڵبەندی لە بەرزترین خاڵەوە بەرەو نزمترین خاڵ بەردەوام دەبێت، تا هەموو شایستەبووان بە قۆناغ مافەکانی خۆیان وەربگرن.

 

لە وردەکاریی دابەشکردنەکەدا لە سەیدسادق، 223 فەرمانبەر و خانەنشین، هاوکات 22 زیندانیی سیاسی و 8 خێزانی شەهید لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، بەرپرسانی ناوچەکە دڵنیایی دەدەن دابەشکردنەکە بە دادپەروەری بەڕێوە دەچێت و کارکردن لەسەر دابینکردنی ڕووبەری زیاتر بۆ داواکارانی دیکە نەوەستاوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەن حەسەن، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، لیژنەی باڵای دابەشکردنی زەوی ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لەم مانگەدا تەواو دەکات، بە وتەی ناوبراو، لە کۆی 75 هەزار پارچە زەوی پێویست، تا ئێستا 27 هەزار پارچە دراوە و لە قۆناخی نوێشدا ڕووبەرێکی زۆر دابین کراوە کە دەبێتە هۆی سوودمەندبوونی هەزاران فەرمانبەری دیکە لە کاتێکی نزیکدا.

 

بڕیاری پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکی سەرانسەریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پاڵپشتیی مووچەخۆران پاش ساڵانێک لە ڕاگرتنی، ئەم هەڵمەتە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان قۆناغ بە قۆناغ لە جێبەجێکردندایە.