گرژییە سەربازییەکانی نێوان حووسییەکان و سعودیە گەیشتنە قۆناغێکی نوێ، ئەوەش دوای ئەوەی ژێرخانی نەوتی و فڕۆکەخانە مەدەنییەکان بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە ئامانج.
ئەمڕۆ یەحیا سەریع، وتەبێژی سوپای حووسییەکان لە یەمەن ڕایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر کۆمپانیای ئارامکۆ لە شاری زەهران لە ڕۆژهەڵاتی سعودیە. هاوکات فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید و پاڵاوگەیەکی نەوتییان لە ڕیاز کردووەتە ئامانج.
وتەبێژی سەربازیی گرووپەکە ڕوونی کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە قووڵایی خاکی سعودیە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبن، هۆشداریشی دایە کۆمپانیا بیانییەکان و کارمەندان لە فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکان دوور بکەونەوە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی وزەی سعودیە ئاشکرای کرد ئاگرێکی سنووردار لە یەکێک لە باڵەخانە کارگێڕییەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە شاری زەهران کەوتووەتەوە بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێ بکەوێتەوە. دەسەڵاتدارانی سەربازیی سعودیەش تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستییان لە ئاسمانی ڕیاز ڕاگەیاند، لە کاتێکدا پەیامنێرانی میدیا نێودەوڵەتییەکان لە پایتەختی ئەو وڵاتە گوێبیستی دەنگی تەقینەوەی بەهێز بوون لە کاتەکانی بەیانیدا.
هاوکات بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە بە 4 هێرشی ئاسمانی بارەگاکانی چەکدارانی حووسییان لە سنووری پارێزگای مەئریب لە یەمەن بۆردومان کرد، لایەنی یەمەنیش جەخت دەکاتەوە ئەم هەنگاوانەیان وەڵامێک بووە بۆ زیاتر لەو 2 هەزار هێرشی ئاسمانی و مووشەکییەی کە پێشتر لەلایەن سعودیەوە ئەنجام دراون.
ململانێی سەربازیی نێوان حووسییەکان و هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، ماوەی چەندین ساڵە بەردەوامە و کەرتی نەوت و فڕۆکەخانەکانیش بەردەوام لە ئامانجە سەرەکییەکان بوون، ئەم گرژییە نوێیانە مەترسیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سەقامگیریی بازاڕی نەوت و گەرووە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکەن.