لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندی لەسەر لێخۆشبوونی 100%ی سزای دواکەوتنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کەرتی تایبەت درا.

 

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، لەسەر داوای وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕەزامەندی لەسەر لێخۆشبوونی سەدا سەد (100%)ی سزای دواکەوتن (غەرامە)ی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت درا.

 

دوای دەرچوونی بڕیارەکە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپاسی سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکوەزیران و ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد بۆ پەسەندکردنی داواکارییەکەیان.

 

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی داوا لە تەواوی خاوەنکاران و شوێنکارەکان دەکات، سوود لەم دەرفەتە و لێخۆشبوونە ببینن و لە ماوەی 90 ڕۆژدا (کە دەکاتە سێ مانگ) سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران بکەن بۆ ڕێکخستنەوەی مامەڵەکانیان.

 

دەستەبەری کۆمەڵایەتی سیستەمێکی یاساییی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە بۆ پاراستنی ماف و ئاسایشی داراییی کرێکارانی کەرتی تایبەت و خێزانەکانیان لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، پەککەوتن یان خانەنشینیدا.