ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکرێت و بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە لە ئاستی باڵا ئەنجام دەدرێت.

بەپێی زانیارییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە هەولێر، کۆبوونەوەی لووتکە لە نێوان نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی ئەنجام بدرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە ئاشکرای کرد، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە لە بارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی هەرێمی کوردستان  دەبێت.

پایتەخت میدیا زانیویەتی، پارتی و یەکێتی بڕیاریان داوە لە ئاستی باڵا کۆببنەوە، تاوەکو بەستەڵەکی نێوانیان بتوێننەوە و ئاسانتر بتوانن ڕێککەوتن واژۆ بکەن.


چەند رۆژێک پێش ئێستا، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان لە هەولێر ئەنجامدا و لەبارەی کۆبوونەوەکە، قوتاد تاڵەبانی گوتی: “کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەبارەی چۆنیەتی حکومڕانی نوێی هەرێم ئەنجامدا و کۆبوونەوەیەکی زۆر باشبوو.”

نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە و تاوەکو ئێستا، پارتی و یەکێتی نەیانتوانیوە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بگەنە ڕێککەوتن.