دوای نزیکەی ساڵێک لە ڕووداوەکەی گەرمیان، دادگای تاوانەکانی ناوچەی کەرکووک و گەرمیان بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی دۆسیەی کوشتنی 4 کەس لە گوندی خاڵەبەگ دەردەکات و تێیدا سزای تووند بەسەر تاوانباراندا دەسەپێنێت.
لە ڕێککەوتی 19ی کانوونی یەکەمی 2025، ڕووداوێکی کوشتن بەهۆی کێشەی زەوی وزارەوە لە گوندی خاڵەبەگ لە سنووری ئیدارەی گەرمیان روویدا و تێیدا 4 کەس کوژران. بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت میدیا، لەو کاتەدا 14 کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تاوانەکەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرابوون.
ئەمڕۆ دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی کەرکووک و گەرمیان یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام دا و تێیدا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ 4 کەس لە تاوانبارانی سەرەکیی ڕووداوەکە دەرکرد. هەروەها بڕیاری 15 ساڵ زیندانیکردن بۆ 6 کەسی تر دەرچووە کە دەستیان هەبووە لە هاوکاریکردنی بکوژەکاندا.
لە بەرامبەردا، دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ 4 کەسی دیکەشیان دەرکرد، بەهۆی ئەوەی لە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا بێتاوانییان سەلمێنراوە و هیچ رۆڵێکیان لە تاوانەکەدا نەبووە.
کەسوکار و عەشیرەتی شاتری بەگ، لە ڕوونکردنەوەیەکی گشتیدا، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی گەرمیان دەربڕی، کە لە سەرەتای ڕووداوەکەوە توانیان تاوانباران دەستگیر بکەن و ئەمڕۆش بەسزای دادپەروەرانەی خۆیان بگەن.