فەرمانێکی نوێ لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکانی هێزە چەکدارەکان درا، تا خەرجییەکانیان بخرێنە ناو چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی گشتیی عێراقەوە.
ئەمڕۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی باڵای دانوستانکاری ڕاسپاردووە، تا لەپێناو جێگیرکردنی خەرجییەکانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجەی فیدراڵیدا کار بکەن.
بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، لە نووسراوێکی فەرمیی ژمارە 12649دا، جەخت لەوە کراوەتەوە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پشکی خۆی لە بودجەی گشتییەوە بەشداری لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکانی عێراقدا بکات.
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەدا هاتووە، پێویستە لە دانوستانەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027دا، کار بۆ دابینکردنی مووچە، دەرماڵە و تەواوی شایستە داراییەکانی پێشمەرگە لە پڕۆژەکان، مەشق و پڕچەککردن هاوشێوەی هێزە فیدراڵییەکان بکرێت.
ئەم هەنگاوە ئامانجیەتی کێشەی خەرجی و پێداویستییە سەربازییەکانی هەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکات، هاوکات لە فەرمانەکەدا هاتووە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا پێک بهێنرێت، بە مەبەستی داکۆکیکردن لەم داواکارییە لە سەرجەم قۆناغەکانی ئامادەکردن و دەنگدان لەسەر بودجەی ساڵی 2027، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەوڵ دەدەن بەرەیەکی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دروست بکەن تا مافە داراییەکان لە یاساکەدا جێگیر بکرێن.
پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە لە ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە یەکێک بووە لە تەوەرە ئاڵۆزەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە کاتی پەسەندکردنی بودجەی گشتیدا، سەرەڕای ناساندنی پێشمەرگە وەک بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق لە دەستووردا، بودجە و شایستەکانی ئەو هێزە بەردەوام ڕووبەڕووی کۆسپ بووەتەوە.