بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە کاروانێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا، فەرماندەیەکی باڵای سەربازی و کارمەندێکی دیکەی سوپا گیانیان لەدەست دا و نزیکەی سێ سەربازیش بریندار بوون.
ئەمڕۆ لە دۆڵی 'زغەیتوون' لە نزیک گوندی عەواشیرەی سەر بە ناحیەی ڕەشادی سنووری کەرکووک، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی سوپای عێراقدا تەقیوەتەوە، لە ئەنجامدا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی فەرماندەیەک بە پلەی عەمید بەناوی 'ئاهات یاسر خدر' و سەربازێک، ئەمە سەرەڕای برینداربوونی دوو سەربازی دیکەش.
بەپێی زانیارییەکان، ڕووداوەکە لە کاتێکدا بووە هێزە زەمینییەکان سەرقاڵی پشکنینی ناوچەکە بوون، ئەوەش دوای ئەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق لە جۆری F-16 بە سێ هێرشی ئاسمانی چەند مۆڵگەیەکی داعشیان لەو دۆڵەدا بە تەواوی وێران کردبوو.
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق پێشتر ڕوونی کردبووەوە، هێرشە ئاسمانییەکان لەسەر بنەمای زانیاریی وردی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی و بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی چاودێریی ئاسمانی ئەنجام دراون. بەرپرسانی ئەمنیش جەخت دەکەنەوە ئۆپەراسیۆنەکانی کێوماڵکردن بۆ لەناوبردنی تەواوەتی پاشماوەکانی تیرۆر لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبن.
دۆڵی زغەیتوون لە سنووری باشووری کەرکووک، بەهۆی سەختیی شوێنەکەیەوە چەندین جار لەلایەن پاشماوەکانی داعش بۆ خۆشاردنەوە و بۆسەدانان بەکار هێنراوە، هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش بەردەوام لە هەوڵی کێوماڵکردن و نەهێشتنی ئەو پەناگانەدان.
تەقینەوەیەک کاروانێکی سوپای عێراقی لە کەرکووک کردە ئامانج
کورتە
لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو لە باشووری کەرکووک، فەرماندەیەکی باڵای سوپای عێراق و سەربازێک گیانیان لەدەست دا و چەند سەربازێکی دیکەش بریندار بوون.