بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ دواین پێشهاتەکانی ڕەشنووسی یاسای بودجەی 2027ی عێراق و پشکی هەرێم دەکات.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن، کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجام دەدات.

بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە، دوو پرسی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن، لە تەوەرەی یەکەمدا، وەفدی دانوستانکاری هەرێم لە بەغدا، ئەنجامی کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردوویان لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵ سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای بودجەی 2027ی فیدراڵی دەخەنەڕوو.

لە تەوەرێکی دیکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی پێشنیارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکات، کە تایبەتە بە لێخۆشبونی 75% لە سزای دواخستنی پارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەو خاوەن کارانەی کە لە ماوەی 90 ڕۆژی کار سەرجەم قەرزەکانیان بە یەکجاری دەدەنەوە.