حووسییەکانی یەمەن بوونەتە هەڕەشەی جددی بۆ سەر ئاسایشی سعودیە و ئێستا بە یارمەتی چین، هاوشێوەی ئێران مووشەک دروست دەکەن کە توانای گەیشتنی بە ئیسرائیلیش هەیە.

ئەمڕۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە زانیاری گرووپی لێکۆڵینەوەی چەک و تەقەمەنیی ململانێکان (Conflict Armament Research)، ئاشکرای کرد، حوسییەکانی یەمەن لە ڕێگەی پارچەی هاوردەکراوی چینی تایبەتەوە دەتوانن ڤێرژنێکی هاوشێوەی مووشەکی 'خەیبەر'ـی ئێرانی بەبێ یارمەتی ئێران دروست بکەن، کە مووشەکێکی  وردپێکە و توانای هەیە 1,200 کیلۆمەتر ببڕێت و بگاتە وڵاتانی سعودیە و ئیسرائیل.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەم ڕۆژنامە ئەمریکییە، هاوردەکانی چین بۆ حوسییەکان پارچەی کانزایی دەستکردی بەرهەمهێنراوی تایبەتیان بۆ بزوێنەر و جەستەی موشەکەکان، پەڕەکانی جێگیرکردن (پەڕی ڕاگرتن)، پارچەی تایبەت بە بزوێنەری مووشەکی سووتەمەنیی ڕەق تێدا بووە. دەسەڵاتدارانی یەمەن دەستیشیان بەسەر ئامێری تایبەتمەند، کەرەستەی تاقیکردنەوە، ماددەی پاراستنی گەرمیدا گرتووە کە دیزاین کراون بۆ بەرگەگرتنی پلەی گەرمیی زۆر بەرز لە کاتی فڕینی مووشەکی بالیستیکیدا.

وێنەی مووشەکێکی خەیبەر
وێنەی مووشەکێکی خەیبەر

دابینکەری ئەم کەرەستانە کۆمپانیایەکی چینیی دروستکردنی کانزای وردە، کە خۆی وەک پسپۆڕی پارچەی بۆشایی ئاسمان نیشان دەدات. چەکدارانی حووسی بە شێوەیەکی بەرچاو تۆڕی دابینکردنی خۆیان هەمەجۆر کردووە، بە شێوەیەکی زۆر پشت بە تۆڕە پیشەسازییەکانی چین دەبەستن تا لە هەمان کاتدا کەمتر داوای یارمەتی لە ئێران بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، سێ ڕۆژ لەمەوبەر حوسییەکانی یەمەن بۆ چوارەم جار هێرشیان کردە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە پایتەختی سعودیە، لە ئەنجامدا 12 کەس کوژران و زیاتر لە 300 کەسی دیکەش بریندار بوون. لە دوای هێرشەکە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشكرای کرد کە سعودیە تووشی کورتهێنانی مووشەکی سیستەمی بەرگری ئاسمانی هاتووە و محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی وڵاتەکە بەهۆی هێرشی حوسییەکان بە ناچاری لەگەڵ چەندین پاسەوانی تایبەتی خۆی لە نێو تونێل و حەشارگەکانی نێو کۆشکەکانی خۆی هاتووچۆ دەکات.