دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بەخشینی گومرگی خۆراک و دەرمان، وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕوونی دەکاتەوە، کە بڕیارەکە تەنیا بۆ پارێزگاکانی عێراقە.

شەوی ڕابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دا ماددە خۆراکییەکان و دەرمانی هاوردەکراو لە باجی گومرگی ببەخشرێن، بە جۆرێک بڕیارەکە لە ڕێککەوتی 7ـی تشرینی یەکەمی 2026ـەوە جێبەجێ دەکرێت.

کەمێک لەمەوبەر نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی سیستەمی گومرگی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق یەک نییە و سیستەمی ئەسیکۆدا جێبەجێ نەکراوە، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە لێخۆشبوون لە باجی گومرگی خۆراک و دەرمان هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، هەر کاتێک سیستەمی ئەسیکۆدا لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت، ئەوا هەر بڕیارێک لە عێراقەوە سەبارەت بە لێخۆشبوونی باجە گومرگییەکان دەربچێت ئەوا هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

لە 8ی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا، وەرگرتنی باج و ڕسووماتی گومرگی لەسەر بەرهەمە هاوردەکراوەکانی وەک هێلکە، مریشک و گۆشت دوا بخریت.

نەوزاد شێخ کامیل ڕوونی کردەوە، وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ناتوانێت داوا لە حکومەتی عێراق بکات بە هەمان شێوە بڕیارەکە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، بەڵکو پێویستە بڕیاری لەو شێوەیە لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بێت.

ئەم ڕێکارانەی حکومەتی عێراق دوای ئەوە دێن، لە 6ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بگۆڕێت و نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێک بۆ هاووڵاتییان بە 1520 دینار دیاری بکات.

نرخە نوێیەکانی ئاڵوگۆڕی دۆلار بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

•نرخی کڕینی دۆلار لە وەزارەتی دارایی: 1500 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
•نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان: 1510 دینار بۆ هەر دۆلارێک.
•نرخی فرۆشتنی دۆلار بە هاووڵاتییان: 1520 دینار بۆ هەر دۆلارێک.