سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسراوێکی فەرمیدا داوای لە پەرلەمان کرد کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ دەنگدان لەسەر پڕکردنەوەی زیاتر لە 10 پۆستی وەزاری و دەستنیشانکردنی جێگرەکانی ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە فەرمی داوای لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە ڕۆژی پێنجشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەی حکومەت و پەسەندکردنی وەزیرە نوێیەکان و جێگرەکانی ساز بکرێت.
لە نووسراوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە جێگرانی سەرۆکوەزیران بەبێ مووچە، بەبێ تەرخانکردنی دارایی و بەبێ دامەزراندنی نوێ بۆ نووسینگەکانیان ئەرکەکانیان ڕادەپەڕێنن، ئەمەش وەک ڕێکارێک بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی خەرجییە گشتییەکانی حکومەتی عێراق.
بەپێی زانیارییەکان، پێشتر 9 وەزارەت لە حکومەتدا بە بەتاڵی مابوونەوە کە بریتی بوون لە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، پلاندانان، خوێندنی باڵا، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، گەنجان و وەرزش، کۆچ و کۆچبەران، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار.
دواتر بەهۆی جیاکردنەوەی کەرتی گەشتوگوزار لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و هێنانەکایەی دوو وەزارەتی نوێ بۆ کاروباری دەوڵەت و زیرەکیی دەستکرد، ژمارەی ئەو پۆستە وەزارییانەی ڕێککەوتنیان لەسەر دەکرێت بۆ 12 وەزارەت بەرزبووەتەوە.
سەرچاوە سیاسییەکان ئاشکرایان کردووە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و فراکسیۆنەکانی دیکە لەسەر کاندیدی 10 وەزارەت ڕێککەوتوون، هاوکات دەستنیشانکردنی کاندیدانی هەردوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەوڵەت کە بەر پشکی پێکهاتەی تورکمان کەوتوون، هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە.
جگە لەوەش، ڕێککەوتنەکە دەنگدان لەسەر چوار جێگری سەرۆکوەزیرانیش لەخۆدەگرێت بۆ هاوکاریکردن لە بەڕێوەبردنی دۆسیە سەرەکییەکانی دەوڵەت، پرۆسەی پێکهێنانی کابینە لە عێراق بەپێی ماددەی 76ـی دەستوور بەڕێوە دەچێت و بەردەوام بەهۆی پشکپشکێنەی نێوان لایەنە باڵادەستەکانەوە کاتێکی زۆری بۆ یەکلاکردنەوەی تەواوی وەزارەتەکان پێویست بووە.