دەستەی دەستپاکی لە پارێزگای بابل ڕێگری لە بەهەدەردانی نزیکەی 24 ملیار دینار لە سامانی گشتی کرد، کە بە شێوەیەکی نایاسایی هەوڵی فرۆشتنی 57 موڵکی فەرمانگەی هێڵی ئاسن بە نرخێکی کەم درابوو.

 

ئه‌مڕۆ نووسینگەی ڕاگەیاندنی دەستەی دەستپاکی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، تیمێکی لێکۆڵینەوە و وردبینیی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی بابل سەردانی فەرمانگەی تۆماری خانووبەرەی پارێزگاکەیان کردووە و ڕێوشوێنەکانی تۆمارکردنی 57 موڵکی سەر بە فەرمانگەی هێڵی ئاسنی بابلیان ڕاگرتووە، دوای ئەوەی دەرکەوتووە ئەو موڵکانە بە نرخێکی زۆر هەرزان و بە پێچەوانەی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2013 بە فەرمانبەرانی فەرمانگەکە فرۆشراون.

 

دەستەی دەستپاکی ڕوونی کردەوە کە کۆی زیانی ڕاگیراو لە سامانی گشتی گەیشتووەتە 23 ملیار و 986 ملیۆن و 390 هەزار دینار، موڵکەکانیش دابەش ببوون بەسەر 31 موڵکی تەواو موڵکداریکراو و 26 موڵکی جیا نەکراوە، هاوکات دادگای لێکۆڵینەوەی حیللە تایبەتمەند بە کەیسەکانی دەستپاکی نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی گواستنەوە کردووە بۆ زانینی بنەمای یاسایی فرۆشتنی ئەو زەوییانە بە مەبەستی ڕەوانەکردنی کەمتەرخەمەکان بۆ بەردەم دادگا.

 

ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەردەوامی دەستەی دەستپاکیدایە لە پارێزگاکانی عێراق بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی دەوڵەت، لە کاتێکدا زۆرجار بە ناوی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی سامانی گشتییەوە هەوڵی بەهەدەردانی زەوییە نایابەکان دەدرێت.