سعودیە بەهۆی ‌هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان تووشی کورتهێنانی مووشەکی بەرگری ئاسمانی هاتووە و شازادەی جێنشینی وڵاتەکەش، خۆی لە ژێر زەمیندا حەشارداوە.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا بە پەشتبەستن بە سەرچاوەی باڵای سعودی ئاشكرای کرد، سعودیە تووشی کورتهێنانی مووشەکی سیستەمی بەرگری ئاسمانی هاتووە لە بەرامبەر هێرشەکانی حوسییەکان، بەم هۆیەشەوە بەمەبەستی پاراستنی کۆشک و ژێرخانی وزەی وڵاتەکە، شوێنی سیستەمەکانی بەرگری دەگوازێتەوە.

دوێنێ حوسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریازی پایتەختی سعودیە، لە ئەنجامدا 12 کەس کوژران و زیاتر لە 300 کەسی دیکە بریندار بوون. لە نێو کوژراوەکان هاووڵاتییەکی بەڕەگەز پاکستانی و کچێکی میسری 28 ساڵان بوونی هەیە، کە لە هێڵی ئاسمانی 'فڵای ناس'ـی سعودیە وەک کارمەندی پێشوازی کاری دەکرد.


لە ماوەی 5 ڕۆژی ڕابردوو دا ئەمە چوارەم جارە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید هێرشی دەکرێتە سەر، حوسییەکان هۆشدارییان بە هاووڵاتییانی سعودیە داوە خۆیان لە بەکارهێنانی فرۆکەخانەکانی وڵاتەکە بە دوور بگرن.


لە راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دا هاتووە، بەگوێرەی زانیاری چەند کەسێکی نزیک لە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، ناوبراو بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان، لە نێو ژێرزەمینی کۆشکەکان خۆی حەشار داوە و هەر لە نێوان ئەم ژێرزەمینانە بە ژمارەیەک پاسەوانی تایبەتەوە هاتووچۆ دەکات.

پێشووتر لە سەرەتای هێرشەکان و داگیرکردنی گەرووی باب ئەلمەندەب لەلایەن حوسییەکان، محەممەد بن سەلمان داوای یارمەتی سەربازی و هەواڵگری لە هەریەک لە وڵاتانی پاکستان، ئیسرائیل، فەرەنسا، بەریتانیا، پاکستان، میسر و ئەمریکا کرد.