لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی، فرۆشتنی جبس و خواردنەوە گازییەکان لە سەرجەم فرۆشگای خوێندنگەکانی قەزای ڕانیە بە تەواوی قەدەغە کرا.

 

ئەمڕۆ قائیمقامیەتی قەزای ڕانیە لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، لەسەر بنەمای نووسراوی فەرمیی وەزارەتی تەندروستی بە ژمارە 17145 کە لە 2ی ئابی 2026 ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کراوە، بڕیار درا بە خستنەناوەوەی بەرهەمی جبس بە هەموو جۆرەکانییەوە بۆ ناو لیستی خۆراکە ڕێگەپێنەدراوەکان لە فرۆشگای ناوەندەکانی خوێندندا.

 

لێژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی قەزای ڕانیە بە هاوبەشی لەگەڵ بەشی ئابووریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ڕاپەڕین، لە شارۆچکەی چوارقورنە هەڵمەتێکی چاودێرییان ئەنجام دا و تێیدا 8 فرۆشگای خوێندنگەی بنەڕەتییان ئاگادار کردەوە بەمەبەستی پابەندبوونیان بە بڕیار و ڕێنماییە نوێیەکانەوە.

 

قائیمقامییەتی قەزای ڕانیە ئاگادارییەکی فەرمی ئاراستەی سەرجەم فرۆشگاکانی ناوەندەکانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی کردووە، فرۆشتنی جبس، خواردنەوە گازییەکان و خۆراکە زیانبەخشەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

 

لە کۆتاییدا قائیمقامییەتی قەزای ڕانیە جەختی کردووەتەوە، دەبێت فرۆشگاکان تەنیا ئەو خۆراک و خواردنەوانە بفرۆشن کە بەهای خۆراکییان هەیە و بە لیست لەلایەن پەروەردەی قەزاکەوە بۆیان دیاری دەکرێت.